یەکێتی: کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بەندە بە واژۆکردنی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی

رووداو – سلێمانی 

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی 18ـی شوباتـی پەرلەمانی کوردستان دەبەستێتەوە بە واژۆکردنی رێککەوتننامەی سیاسی لەنێوان یەکێتی و پارتی.

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13-2-2019) مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆبووەوە و لە راگەیەنراوێکیشدا جەختدەکاتەوە لەوەی “کۆبوونەوەی 18ـی شوباتی پەرلەمانی کوردستان بەندە بە واژۆکردنی رێککەوتننامەی سیاسی لەنێوان یەکێتی و پارتی وەکو یەک پاکێج بۆ هەرێم و بەغدا و کەرکووک و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان”.

رێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتی لە 18 خاڵی سەرەکی پێکهاتووە، کە تێیدا جەختکراوەتەوە لە کاری پێکەوەیی لە پەرلەمان، شەفافییەت لە داهات و پەیوەندییەکان، خۆشگوزەرانیی خەڵک و خزمەتگوزاریی لە کابینەی تازەدا و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکووک، وا بڕیارە دوای تەواوکردنی رەشنووسی رێککەوتنەکە و دوای رەزامەندیی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا، رێککەوتنەکە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا واژۆبکرێت.


لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا هاتووە “لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بەوردی هەڵسەنگێنرا، مەکتەبی سیاسی پرسەکە وەکو پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەبینێت و بەرپرسیارییەتی هەموو هێزە کوردستانییە تێکۆشەرەکانە هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخی نائاسایی ئەو ناوچانە بدەن”.

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار


هاوکار یاسین، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی













Supply by [author_name]

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *