پارتی و یەکێتی لیژنەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکووک پێکدەهێنن

رووداو-هەولێر

پارتی و یەکێتی لیژنەیەکی هاوبەش پێکدێنن بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکووک، لیژنەکە لە سبەینێوە چوارشەممە 6-3-2019 دەستبەکار دەبێ و هەفتەی داهاتووش دەچێتە بەغدا. 

رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لە 4-3-2019 بووە هۆی ئەوەی پرسی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک لەگەڵ کارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات، رووداو زانیویەتی لەهەنگاوی یەکەمیشدا فراکسیۆنەکانی هەردوو حیزب لەبەغدا یەکدەخرێن بۆ کار لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، پۆستی پارێزگار کە پارتی رازی بووە بۆ یەکێتی بێت دەبێ لەنزیکترین کات ناوەکەی دیاریی بکرێت و لەکۆبونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و کۆسرەت رەسول ئەو کەسە دەبێتە بەربژێری هاوبەش بۆ پۆستەکە و لەئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر دەدرێت.

رزگار عەلی کە تاوەکو ئێستا بەربژێری فەرمی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتییە بەرووداوی راگەیاند: “ئەوەی لەسەر رێککەوتوون هێندەی مەبدەئی هاوبەشی و کارکردنی پێکەوەییە، هێندە پۆست و پێگە نییە”.

رزگار عەلی گوتی: “ئێمە هەم بۆ کەرکووک و هەم بۆ بەغداش بڕیاری ئەوەمانداوە بەیەک تیم کاربکەین، چونکە زۆر کەس وابیر دەکەنەوە بابەتەکە پۆستە، نەخێر دوێنێ و پێشتریش دوور و نزیک باسی پۆست نەکراوە، لەناو رێککەوتنە سیاسییەکە بابەتی ئاسایی بوونەوەی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی تێدایە، بابەتەکە تەنیا کەرکووک نییە، خورماتووە، خانەقینە، شنگالە، مەخمورە، شوێنەکانی دیکەی پەیوەندیدار بەماددەی 140ـە ، لەسەر ئەوەش رێککەوتین کەچۆن ئەو کارە دەکەین، لەهەمووشی گرنگتر کارێک بکەین ئەم ناوچانە دەسەڵاتی مەدەنی تێدابێ”.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو لیژنەکانی ئاساییبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەبنە یەک لیژنە، دەچنە بەغدا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەربازی لەکەرکووک کۆتایی پێبهێنن، ئەو پۆستانەی لەکورد سەندراونەتەوە بگەڕێندرێنەوە، هەمان ئەو لیژنەیە دانوستاندن لەگەڵ پێکهاتەکانی کەرکووکیش دەکات.

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “ئێستا تەنیا پارتی لیژنەی ئاساییبوونەوەی هەیە، ئەوکات دەتواندرێ لیژنەکەی پارتی فراوانتربکرێ و یەکێتیش بێنە لیژنەکەوە و فراوان بکرێ، بۆ ئەوەی بابەتی ئاساییکردنەوە خێراتربکرێ، دۆخەکە زووتر کۆتایی پێ بێت، پارتی دەچێتەوە کەرکووک کاتێک حاڵەتی سەربازی نەمێنێ و مەلەفی ئەمنی بگەڕێتەوە بۆ کەرکووکییەکان، ئەوکاتە پارتی بارەگاکانی دەکاتەوە”.

لەبڕگەیەکی دیکەی نێو رێککەوتنی پارتی و یەکێتی هاتووە لەئێستا بەدواوە بۆ هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن لەناوچە کێشە لەسەرەکان، لایەنە کوردییەکان لیست و قەوارەی هاوبەشیان دەبێت.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان


دەچنە بەغدا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەربازی لەکەرکووک کۆتایی پێبهێنن













Supply by [author_name]

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *